Chakaame

دەردی دووری زۆر گرانە‌ دڵبەرا هیجران بە‌سە‌
دڵ وه‌کوو پەروانه‌ سووتا چاوه‌کەم سووتان بەسە‌

عاقڵان شەیدا ده‌بن ڕووبەندی سە‌ر ڕوو لامەده‌
عاشقان کوشتە‌ی جەفاتن قه‌تڵی مە‌زڵوومان بەسە‌

مورغی دڵ پابە‌ندی دانە ‌و داوی خاڵە و زوڵفی خاو
گیری بەندیخانە تا کە‌ی بەندی بێ ئامان بە‌سە‌

هەرچی بووم بردی بە ‌تاڵان تورکی مە‌ستی چاوه‌کەت
تاقە‌ت و سە‌بر و قەرارم پێ نە‌ما تاڵان بەسە‌

شاهیدم فرمێسکی خوێنینە کە تۆ جەرگت بڕیم
عاشقی ڕووتم ئە‌گەر تە‌قسیره‌ گە‌ر تاوان بەسە‌

ئێستە‌کە‌ش مە‌جنوون و لە‌یلێ هە‌ن لە عە‌سری تازه‌دا
شێت و سە‌رگەردانی تۆم حە‌یرانی تۆم حیرمان بە‌سە‌

گەنجی عیشقت پڕ بە ‌وێرانە‌ی دڵە و من پێم کەمە‌
تا زیاد بێ چاوه‌ڕێی دیشم مەڵێ ئێحسان بە‌سە‌

گە‌ر قسەی عیشقی گوڵ و بولبول لە لات ئە‌فسانە‌یە‌
تۆ گوڵی خەندان و ئەمنیش بولبولی گریان بەسە‌

ئاورت بە‌ردا دڵ و گیانی حە‌قیقی چاوه‌کە‌م
ده‌ردی بێ ده‌رمانە عیشقت ده‌ردی بێ ده‌رمان بەسە